چـالاکی

کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی شاری ھەولێر بەگشتی

لە ڕێکەوتی ٢٠١٩/٩/١١ بەسەرپەرشتی بەڕێز ئەندازیار سامان محمد بڵباس سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر و بەرپرسانی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون و خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی و لێژنەکانی ھەریەکە لە شارەوانیەکانی یەك و دوو و سێ و چوار و پێنج و شەش لەلایەك و گشت کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوەی سنوری سەرۆکایەتی شارەوانیی ھەولێر لەلایەکی تر کۆبوونەوەیەکی گشتگیر و بابەتیانە ئەنجامدرا ، ئەوەش لەسەر ڕاسپاردە و تێبینیەکانی بەڕێز کاك ساسان عەونی وەزیری شارەوانیی و گەشت و گوزار سەبارەت بە پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی شاری ھەولێر بەگشتی .
پاش گفتوگۆیەکی تێروتەسەل و شیکارکردنی پڕۆسەی خاوێنکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشین ، لەئەنجامدا چەند ڕاسپاردەیەك خرانە ڕوو؛
– جێبەجێکردنی گرێبەست وەکو خۆی بە ھەموو بڕگە و بابەتەکانەوە بێ زیاد و بێکەم.
– ئامادەکردنی خشتەی کاری ڕۆژانە و بەھەماھەنگی لەگەڵ لێژنەی تایبەتی سنوری ھەر شارەوانییەك .
-ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی ھاونیشتمانیان و دانانی دروشم و نامیلکە و بڕۆشور و ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێز و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
– کەمکردنەوەی ڕۆتین و زیاترخێراکردنی گەیاندنی خزمەتگوزاری بەتایبەتی لە ئامادەکردنی دەرخستە و نەھێشتنی کەم وکوڕییەکان بە زووترین کات.
– زیادکردنی ژمارە و جۆر و قەبارەی حاویەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاك و پاكڕاگرتنیان بەتایبەتی بۆ ناو بازاڕ و دوکانەکان و باڵەخانە بازرگانی و ھۆتێل و خوارنگەکان و شوێنە گشتییەکان.
-ڕێکخستنەوەی ئامێرەکان و چاکردنەوەیان و لەڕووی چۆنایەتیی و چەندایەتی ، شیاوی بونیان بۆ خزمەتگوزاری ھەروەك لە گرێبەستەکانیان ھاتووە.
– سەبارەت بە بەڕێزان لە لێژنەی باڵای بەدواداچوون و لێژنە تایبەتییەکانیشارەوانی یەك و دوو و سێ و چوار و پێنج و شەش ، ھەریەکەیان وەکو دەسەڵات و پێگە ، پێویست وەکو کەسی یەکەم و تەنھا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت پەیوەست بەو پڕۆسەیە و ئوپەڕی ھاوکاری بکرێت.
– سەبارەت بە کاری کۆکردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك لە زبڵخانەکان و بە تایبەتی لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە ، بەڕێز کاک سامان سەرۆکی شارەوانیی دووپاتی کردەوە کە دەبێت بە باشترین شێوە ئەوکارە ئەنجام بدرێت و کەمترین دەرھاوێشتەی ژینگەیی لێبکەوێتەوە چونکە وەکو بەڕێز کاک ساسان عەونی وەزیری شارەوانیی و گەشت و گوزار جەختی لەوە کردۆتەوە کەوا چۆن لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم دا ھاتووە کەوا پێویستە پڕۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاك بەشێوەیەکی سەردەمیانە و ژینگەیی بێت

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانیی ھەولێر