سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر هەردەم لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی شاری هەولێر بەردەوامە، وەکو بەڕێز سامان محمد بڵباس سەرۆکی شارەوانیی هەولێر پێشتر ئاماژەی پێدابوو، دروست کردنی شەقامی ( ۱۲۰م)ی خێرا قۆناغ بەقۆناغ جێبەجێ دەکرێت تاوەکو تەواو دەبێت، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێك لە شاکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەشی خەڵکی تێکۆشەری شاری هەولێر دەکا و نیشانەی وەفاداری بە ئەمەکییە بەرامبەر بەشاری قەڵا و منارە ، بۆیە لێرەدا بەیانی کە دەکاتە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ( ۲۰۱۹/٥/۲۹ ) لەژێر چاودێری بەڕێز نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانیی و گەشت و گوزار و بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و بەڕێز سامان محمد بڵباس سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، قۆناغی سێیەمێ شەقامی ( ۱۲۰ م) بەڕووی شوفێرانی خۆشەویستی شاری هەولێر دەکرێتەوە کە ئەویش شەقامی سەرەکی هەولێر-کۆیە دەبەستێتەوە بە شەقامی سەرەکی هەولێر-کەرکوك ،ئەوەش قەرەباڵغیی و کاتەکی زۆر کەم دەبێتەوە بۆ دانیشتوانی شاری هەولێر بەگشتی و هاوڵاتیانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی چوار و پێنج بەتایبەتی.
ئەم قۆناغەی ئێستا بریتیە ( ۹ کم) ڕێگا وە هەموو بڕگەکانی شەقامی خێرا بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ دەگرێت هەر لە تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و تۆڕی ڕووناکی بڕگەی سەوزایی و جوانکاری وە لێرەدا گرنگیەکی زۆر دراوە بە پەرژینی پارێزگاری و بڕگەی هێماکانی هاتووچۆ و هێلکاری شەقامەکان .
ئەم بەشەی شەقامی ( ۱۲۰ م )ی خێرا پێکدێت لە دوو شەقامی سەرەکی خێرا و دوو شەقامی خزمەتگوزاری ، وە چوار پردی پەڕینەوەی هاوڵاتیان ، هەروەها پێکدێت لە ( ٥ ) ژێرپرد و ( ٤ ) سەرپرد وە دوو ئاڕاستەگۆڕی گەورە .
